سوژن

نمایشی هونەری
ئاڤان سدیق
ئاڤان عومەر
ڕۆژگار مەحمود
ماریا ئەندرێ
هاژە خالید
١٠/٧/٢٠٢١
لە گەلەری کەریم چاوشین لە سلێمانی
ڕێکخەر : ئاڤان عومەر

سوژن نمایشێک بوو کە پێنج کاری هونەری پێنج هونەرمەندی ژنی لە خۆ گرتبوو، چوار کاری ڤیدیۆ کە هەمویان بە داتا شۆ نمایشکرابوون لە ژووری جیاوازی گەلەریەکەدا وە کارێکی پیرفۆرمانس. ئەم پێنج کارە لە ڕۆژی ١٠/٧/٢٠٢٠ وە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە گەلەری کەریم چاوشین ئێواران کاتژمێر ٥.٣٠ تا ٧.٠٠ نمایشدەکرا. بینەران لە ڕێگەی پۆستەرو سۆشیال میدیاوە بانگهێشت دەکران

دایکم شاخەکانی شۆرد/ ڕؤژگار مە‌حمود ٢٠٢١
چەق/ هاژە خالید٢٠٢١
گوێیەکی زەبەلاح کە لە توانایدایە هەموو ژاوەژاوەکانی جیهان هەڵمژێت /ماری ئەندرێ ٢٠٢٠
جاڕس / ئاڤان سدیق ٢٠١٨
جلشۆر / ئاڤان عومەر ٢٠٠٩
وەک دەبینین کارەکان لە کاتی جیاوازدا بەرهەم هاتوون، بەڵام هەموویان یەکەمجاربوو لە سلێمانی نمایش بکرێن

artist pic


ئاڤان عومەر دەرچوی کۆلێژی هونەر بەشی وێنە کێشانە لە سلێمانی و هەڵگری بروانامەی ماستەرە لە زانکۆی ئارتێز لە وولاتی هۆڵەندا. ئاڤان بە میدیەم و شێوازی جیاواز کاردەکات وەک ئینستەلەیشن، پیرفورمانس، تێکست.. هتد. لە زۆرێک بابەتی جیاوازدا کاری کردووەو کاردەکات. وەک ڕێکخەر لە چەند پرۆژەیەکی هونەریدا کاری کردوە، دواهەمینیان پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن کە ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی کارکرنە تێیدا و وەک ڕێکخەرو بەرێوەبەر کاری تێدا دەکات


artist pic


ئاڤان سدیق ‌ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی شیوەکاری تەواوکردووە و پاشان لە ووڵاتی ئەڵمانیا لە زانکۆی یۆهانس گۆتێن بێرگ دریژەی بە خوێندنی هونەری داوە. ئێستا لە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان نیشتە جێیە. ئاڤان لە ماوەی کارکردنیدا بە شێوازو میدیەمی جیاواز وە لە بابەتی جیاوازدا کاری کردووەو کاردەکات. چەندین بابەتی نوسینی دەربارەی هونەری شێوەکاری بلاوکردۆتەوە و هەروەها وەک ڕێکخەر کاری کردووە و چەند پرۆژەیەکی هونەری ڕێکخستوە.


artist pic


ڕۆژگار مەحمود هونەرمەندێکی هاوچەرخە دانیشوی شاری سلێمانیە. ڕۆژگار چەند ناوەندێکی خوێندنی هونەری بڕیوە وەک پەیمانگاو ئەکادیمای هونەر لە کوردستان، وە هەڵگری بروانامەی ماستەرە لە چێلسی لە شاری لەندەن. کارە هونەریەکانی ڕۆژگار بە میدیەمی جیاوازی وەک ڤیدۆئارت، تێکست، پیرفۆرمانس، ئینستەلەیشن ووێنەکێشان نمایش کراون، کە هونەرمەند بابەتی جیاوازی بەم میدیەمانە بەرجەستە کردووە. ڕۆژگار زۆرێک لە کارەکانی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان نمایش کردووە


artist pic


ماری ئاندرێ: هونەرمەندێکی بەلجیکیە، هەڵگری بروانامەی ماستەرە لە Dutch Art Institute لە ووڵاتی هۆڵەندا، لە ئێستادا سەرقاڵی دکتۆرایە لە نەمسا لە Kunstuniversitat Linz . کارەکانی بە شێوازی جیاواز نمایش دەکات، وەک ڤیدۆ، پیرفۆرمانس، ئینستەلەیشن. بابەتی (کارکردن) وەک تێما بۆ ماری ئاندری بابەتێکی گرنگە وزۆرێک لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە لە ڕێگەی کارەکانیەوە.


artist pic


هاژە خالید: دەرچوی کۆلێژی هونەر بەشی گرافیکە لە سلێمانی. هاژە وەک هونەرمەندێکی گەنج بە شێوازی جیاواز کاردەکات و میدیەمی پیرفۆرمانس لای هاژە تایبەتی زۆری هەیە و هەوڵدەدات تواناکانی خۆی تێدا بەرچەستە بکات و بابەتی کارکردنی بە فۆرمێکی هونەری لە ڕێگەی جوڵەی جەستەی و پیرفورمانسەوە پیشان بدات


needle 1
needle 1
needle 1
needle 1
needle 1
needle 1
needle 1
needle 1
needle 1
needle 1
needle 1
needle 1
needle 1
needle 1
کارەکان

دایکم شاخەکانی شۆرد: هەر لە زنجیرە نمایشەکانی پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن، ئەم کارە یەکەمجار لە پارکی دایک وەک پیرفورمانسی زیندوو بۆ ئەو بینەرەی کە خۆیان ئاسایی لەوێن بێ بانگهێشت، نمایشکرا. لە نمایشی سوژن دۆکیۆمێنتی پیرفورمانسەکە پشاندرایەوە. هەڵبەت ڕۆژگار مەحمود پێشترسەرقاڵی ئەم کارە بووە وئامادەی کردووەو سکێچی بۆ کردووە، خۆشبەختانە لە پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن هاتە بەرهەم و نمایشی کرد. لەم کارەدا ڕۆژگار کاری لەسەر هۆنراوەیەکی لەتیف هەڵمەت کردووە کە ئەویش لە هۆنراوەیەکی فارسیەوە سەرچاوەی گرتووە. ڕؤژگار ڕەخنە ئامێزانە هۆنراوەکە دەکاتەوە کردار کە دایک و کارکردنی دایک تێیدا لە ناو بوون و یادەوەری ئێمەدا بەرجەستە دەکات و دەیخاتە ژێر پرسیارەوە. لەم کارەدا دەنگ و تێکست گرنگیەکی زۆریان هەیە لە نمایشێ سوژن دا جگە لە دیکومێنتی کارەکە بە ڤیدۆ کە بە داتا شۆ پشاندرا، ئەو ماتریاڵانەی کە لە کارەکەدا هەبوون و هونەرمەند ئیشەکەی پێ ئەنجام دابوو، بە شێوەیەکی تایبەت کە ڕۆژگار خۆی هەڵیبژاردبوو وەک ئینستەلەیشن لەبەردەم سکرینەکەدا دەبینران. لە ئینستەلەیشنەکەدا هەموو ئەو شتومەکانەی کە لە کارەکەدا بەکاری هێنابوو لە ناو تەشتەکەدا داینابوو وە بە ڕاخەرەکەی ژێر تەشتەکە دایپۆشیبوون. واتا بینەر لەگەڵ ڤیدۆکەدا تەشتێکی داپۆشراوی دەبینی کە پربوو لە شت. کە هەمان ئەو تەشت و ڕاخەرو شتو مەکانەبوون کە لە ڤیدۆکەدا دەبینران

چەق: هەر لە زنجیرە نمایشەکانی پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن، لە پارکی بەهەمان شێوە لە زنجیرە نمایشەکانی پرۆژەی ئەم مرۆ ڤانە کاردەکەن، لە زۆر شوێن و کاتی جیاوازدا لە بازاڕو مۆڵ و ناو پاس و شوێنە گشتەیەکاندا وەک پیرفورمانسی زیندوو بۆ بینەرێک کە خۆیان بە سروشتی لەوێدان ئەنجامدەدرا. لە نمایشی سوژن لە ناو ئەو بینەرو ئامادەبوانەی کە بۆ نمایشەکا بەنگهێشتکرابوون بە هەمان شێوە بە پیرفورمانسی زیندوو ئەنجامدرا
هاژە خالید یەکێک بوولەو بەشدار بوانەی کە لەسەرەتای دەستپێکی پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن بەشداربووە لە دانیشتن وکۆبونەوەو سمینارو گفتوگۆکاندا. ئەم کارەش پاش ئەو گفتوگۆیانە لە پرۆژەکەدا لای هاژە دروست بوو لەم کارەدا دەنگ ماتریاڵی سەرەکی کارکردن بوو، هەموو ئەو دەنگانەی کە لە ئۆبجێکتەکانی کارکردنی ناوماڵدا هەن بۆ هاژە جێی سەرنج وکارکردن بوو. لە پیرفورمانسەکەیدا بە جل وبەرگی ئاسای ڕۆژانەوە لەگەڵ ئەوانی تر هەڵسوکەوتی دەکرد بەڵام ئەوەی ئاسایی نەبوو جیاواز بوو ئەوەبوو کە بەو دەنگانەی ئۆبجێکتەکانی ناو ماڵ کە لە جەستەیەوە دەردەچوون ئەوانی تری دەخستە گومان و پرسیارەوە. ژنێکە جەستەی بەو دەنگانە بارگاوی بووەو بەردەوام ئەو دەنگانەی لێوە دێت بێ ئەوەی هیچ ئامێرێک بە جەستەیەوە دیاربێت. لەم ڕیگەیەوە پرسی کارکردنی ژن لەماڵەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە

گوێیەکی زەبەلاح کە لە توانایدایە هەموو ژاوەژاوەکانی جیهان هەڵمژێت: کارێکی ڤیدۆی ماری ئەندرێیە کە هونەرمەندێکی بەلجیکیە ولەم نمایشەدا بەشداربوو. ماری لەسەر کارکردن وەک تێما لە کارە هونەریەکانیدا کاری زۆری کردووە. ئەم کارەی لێرەدا نمایش کرا لە چەند شوێنێکی تریش نمایشی کردووە بە شێوازی جیاواز. لیرەدا تەنها ڤیدۆکە بە ژێرنوسی کوردیەوە پشاندرا. لە ڤیدۆکەدا دەنگ و ووشە وتێکست لەگەڵ وێنەکاندا پێکەوە کۆنسێپتی کارەکە پشاندەدەن. لە ڕێگەی پرسی زمانەوە دەربارەی ئازادی تاک و کۆ کارییکردوە. لە بەکارهێنان وسود وەرگرتن لە لێکۆڵینەوەی کاری ژنێکی زانا کە خەیاڵی زانستە پرۆژەکە سەرچاوەی گرتووە. لە ڤیدۆکەدا کلینیکێکی خەیاڵی پیشان دەدرێت کە پزیشکێک و نەخۆشەکەی دەدوێن، پزیشکەکە هەوڵدەدات لە ڕێگەی تەشخیسێکی تایبەتیەوە بەکارهێنانەکانی زمانی نەخۆشەکە بگۆڕێت. لەم کارەدا گرنگی زمان و بەکارهێنانی لە نێوان کەسەکان و پەیوەندیەکانیاندا پشان دەدات، زمان پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە هێزو دەستەڵاتەوە و لە پەیوەندی جێندەریشدا ئەمە بە ڕوونی دیارە لە هەموو بوارەکانی ژیان و بواری کارکردنیش بە هەمان شێوە

جارس: کارێکی ڤیدیۆی ئاڤان سدیقە کە لە نمایشی سوژن دا بەشداری کرد. هەڵبەت ئاڤان لە شوێنی تر ئەم کارەی پیشانداوە بەڵام ئەمجارە بە گۆڕانکاریەوە کارەکەی نمایشکردەوە، ئەویش نمایشکردنی ڤیدیۆیەکی چەند چرکەی چارلی چاپلن بوو لەگەڵ کارەکەی خۆیدا. لەم ژوورەدا دوو دەنگ ئاوێزانی یەک ببون کە بینەر هەندێک کاتی دەویست تا هاوسەنگی لەلا دروستبێت، بەڵام کردەی ڕۆتین وبێزارکەر لە هەردوو کارەکەدا زۆر بە ڕوونی هاوتا بوون. کاری ڕۆژانە لە دوو شوێن وکاتی جیاوازدا، لای دوو رەگەزی جیاواز زۆر تاقەتپروکێن وبێزارکەر پشاندەدات. لەم کارەیدا ئاڤان وەک دایک وەک ژن بەو کەرەستانەی ماڵەوە، قاپ، کەوچک و چەتاڵ کە ڕۆژانە سێ جار لە ماڵەوە بەکاریدێنیت، مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و ڕێکیان دەخات کارەکەی ئەنجام دابوو. دەنگ وجوڵە ماتریاڵی سەرەکی کارەکەی بوون

جلشۆر: یەکێک بوولەو کارانەی کە لە نمایشی سوژن بەشدار بوو، هەرچەندە ئەمکارە لە ساڵی ٢٠٠٩ بەرهەم هاتووە و لە چەند شوێنێکی تر نمایشکراوە بەلام یەکەمجارە لە کوردستان پشان دەدرێت. ئەم کارە پشاندانی جلشۆرێک بوولە سوچێکی ژووری گەلەریەکەدا کە فۆرمێکی سێگۆشەی هەیە. پشاندانی ئەو بازنەیە و خولانەوەی بە دەوری سێگۆشەکەدا هەردوکیان وەک سیمبول پێکەوە فۆرمی کارەکەیان بەرجەستە دەکرد. هەڵبەت جلشۆر یەکێکە لە زنجیرە کارێک کە ئاڤان عومەر لە ساڵەکانی ڕابردوودا کردویەتی. کاری لەسەر پەیوەندی نیوان ئەو ئۆبجێکت و ماتریاڵانە کردووە کە ناسنامەیەکی ژنانەیان هەیە، وەک هەموو ماتریاڵەکانی ناو ماڵ و مکیاج ..هتد، پەوەندی ئەم ماتریاڵانە لەگەڵ جەستەی ژن بە شێوازێکی ڕەخنەگرانە بەرجەستە دەکات

هەڵبەت کۆکردنەوەی ئەم کارانە بەیەکەوە وپشاندانیان لەو گەلەریە پاش کارکردنێکی زۆر بوو. نمایشکردنی پێنح کاری پێنج ژن کە بە شێوازی جیاواز کاردەکەن گرنگیەکی زۆری هەبوو بۆ پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن. گەلەریەکە پێشتر ماڵێکی کۆن بووە، واتە خێزان تییدا ژیاوە. دیزاینی ژوورو بیناکە زۆر بە ڕوونی بینەر پەلکێش دەکات بۆ ناو ماڵێک. بابەتی کارەکان زۆر گونجاو بوو بۆ شوێنەکە. لەهەمان کاتدا زۆر شتی تر ئەم کارانەی پێکەوە کۆ دەکردەوە، بۆ نمونە دەنگ، جوڵە، توندوتیژیەکی ناڕاستەوخۆ، هێز و ئاڵانگاری، ئەمانە لەسەر بابەتی پرسی ژن و کارکردن لە هەموو کارەکاندا بەشێوەی جیاواز بەدیدەکرێت، کۆی کارەکان نمایشێکی پێکهێنابوو کە هەموو کارەکان لەگەل ئەوەی زۆر سەربەخۆ بوون زۆر پشتگیری و تەواوکەری یەکتریش بوون.

سوپاس بۆ ئەو کەسانەی کە هاوکارمان بوون لەم پرۆژەیەدا بە تایبەتی: سۆران ڕەفعەت، چێنەر نزار، بێباک ئەمیر، عوسمان قادر، شەمێران فەتاح، ڕێبین مەجید، شیروان فاتیح، ئاڤان سدیق، هاژە خالید، ڕۆژگار مەحمود، چیا جەمال، هێمن کاکەیی.