کار؟

تێکست
وەلید عومەر

وەستان لەسەر پرسى "کارکردن" لەڕووى تیۆرییەوە زۆر هەڵدەگرێت, بۆیە بە تانوپۆى باسەکەدا ناچین و تەنیا کۆمەڵێک تێبینیی سەرەتایی لەسەر مەسەلەکە تۆماردەکەین. بەتایبەتییش پەیوەندیی کارکردن لە دونیاى کوردیدا بەگشتى.
هەر لە هیگڵ و مارکسەوە تا سارتەر و ئەدۆرنۆ و ئاڵتۆسێر و دۆڵۆز و هتد بەتایبەتى لەسەر کێشەى کارکردن وەستاون, ئەوەى تێکڕا لەنێویاندا هاوبەشە بریتییە لەوەى کە "کار" چالاکییەکى مرۆییە, شتێکە لە مرۆڤ دەوەشێتەوە و مرۆڤ ئەنجامیدەدات. جا ئیتر ئەم کارە بە هەریەک لەم مانایانە بێت هەر فەرقێکى ئەوتۆ ناکات: پراکتیک(Practice), کردە(Act), کار(Labour) و هتد. خۆ گیانەوەرانى تریش دەبزوێن و کاردەکەن, بەڵام ئەو ناوەڕۆک و ماهیەتەى نیە کە کارى مرۆڤ هەیەتى. واتە مرۆڤ دەتوانێت «پێشوەخت کارەکەى خۆى لە زەینى‌دا داڕێژێت», لەکاتێکدا ئاژەڵ و گیانەوەران ئەم توانستەیان نیە(لانیکەم لە دیدى مرۆڤەوە). گەر کار لاى مرۆڤ ڕەهەندێکى زەینى و داڕێژراوى هەبێت ئەوا لاى حەیوانات کردەیەکى ڕووتە, جووڵەیەکى نازەینى و سەرتاپا فیزیکییە و گەشەى کەسایەتیی لەپشتەوە نیە و لەناو مێژوویەکى تایبەتدا ڕوونادات و ئامانجێکى وەک ئەوەى لاى مرۆڤیشى نیە. نمونەیەکى باو ئەوەیە کە مێشەهەنگ کاردەکات بەڵام کارەکەى شوێنەوارێکى ئەوتۆ جێناهێڵێت و کەس باسى «کارى مێشەنگ» ناکات. کارى مێشەنگ کەڵەکەنابێت و مێژوو درووستناکات و شارستانیەتى لێ ناکەوێتەوە و ناشبێتە ڕابردوو یان ئێستا و داهاتوو. بەڵام مرۆڤ کە کاردەکات, کارەکەى یەکسەر شوناس بۆ خاوەن کارەکە و بکەرەکە درووستدەکات: مامۆستا, نوسەر, کرێکار, فەیلەسوف, هونەرمەند و هتد. بەکورتییەکەى, هەموو کارێک جووڵەیە بەڵام هەموو جووڵەیەک کار نیە, بەتایبەت کە بەراوردى دونیاى مرۆیی و نامرۆیی دەکەین. هەتا جێى خۆیەتى بڵێین کار لە دونیاى مرۆڤدا, شتانێکى سەیرى وەک خەوتن و دانیشتن و مردن و نان خواردنیش دەگرێتەوە(بەتایبەت لەڕووى ڕێزمانییەوە), چونکە دونیاى مرۆڤ زمان و مانا و بەهاى تیایە و هەریەک لەو ڕووداوانەش دەتوانن ببنە کار. بەپێى ڕێزمان کەسێک دەمرێت, ئەوا کردارێکى بەسەرداهاتووە, بۆیە مەرج نیە خۆى لەو کارەدا ببێتە بکەر. یان کەسێک کە دەنوسێت, کارێک ڕادەپەڕێنێت, بەڵام پلەى بەشدارى و بکەرێتییەکەشى گۆڕانى بەسەردا دێت.
ئاڵۆزیی کار لە دونیاى مرۆڤدا هەر لێرەشدا ناوەستێت و دەتوانین بڵێین "کارنەکردن" خۆیشى جۆرێکە لە کار. ئەویش لانیکەم بەپێى سێ هۆکار:
١. مرۆڤ لە دونیایەکى ڕەمزى و کۆمەڵایەتییدا دەژى کە هەر هەبوون و ئامادەبوونى لەم دونیایەدا قورسایی خۆى هەیە و کارەکانى دەبنە بەشێک لە پێگە کۆمەڵایەتییەکەى. ئەم خاڵە سەردەکێشێت بۆ خاڵى دووەم
٢. مادام مرۆڤ پێگەیەکى کۆمەڵایەتى و شوناسێکى کۆمەڵایەتیی هەیە ئەوا هەرکات کارنەکات(بەتایبەت لە دونیاى مۆدێرندا) ئەوا گۆڕان بەسەر پێگە و شوناسەکەیدا دێت و لێرەدا کارنەکردن سەنگێکى تایبەتى هەیە و تێدەگەین یەکسان نیە بە هیچ نەکردنى ڕووت. ئەم خاڵەش سەردەکێشێت بۆ خاڵى سێیەم:
٣. گەر مرۆڤ کارنەکات ماناى ئەوە نیە دابەزیوە بۆ ئاستێکى گیانەوەرێک, بەڵکو کۆمەڵێک مەرج و دۆخ و هەلومەرج هەن پاسیڤبوونەکەى دەڕەخسێنن. جا شتەکە بە ویستى خۆى بێت یان نا, فەرقێکى ئەوتۆ ناکات. باسەکەمان تیۆرییە لێرەدا نەک ئەخلاقى و نرخدانان. واتە, کەسێک گەر کاریش نەکات بە مانا جیاجیاکانى, ئەوا کارێکى تر هەر دەکات و پێگەیەک داگیردەکات کە خۆى چەشنێکە لە چالاکى و کارکردن. بۆنمونە, کەسێک لە ماڵیشەوە دانیشێت و هیچ کارێکى مەعنەوى و هزرى و هونەرییش نەکات, ئەوا هەر دەچێتە قاڵبێکەوە کە چالاکیی کارکردنى بەسەردا ببڕدرێت. هەتا گەر پێشى بگوترێت بێکار, ئەوا وەک مرۆڤ ماتەوزە و پۆتانشێڵى "کارکردن"ـى لەخۆیدا حەشارداوە و درەنگ یان زوو دەکەوێتەگەڕ. گەر نەشکەوێتە گەڕ, ئەوا هۆشیارى و ئاگایی بەرامبەر کارکردن هەیە. وەک زۆرجاریش باسکراوە, هەر ئاخاوتن و بەکارهێنانى زمان خۆیشى جۆرێکە لە چالاکى و کارکردن و دەشێت بەهۆى ڕستەیەکەوە ئاڵوگۆڕێک درووستببێت یان دەستەواژەیەک کارەساتێکى لێ بکەوێتەوە. بەکورتییەکەى, مرۆڤ ئەو سوبێکتەیە کە کارکردنى لێ دەوەشێتەوە و بوونەوەرێکى بێلایەن نیە دانیشێت و هیچ نەکات. ئەمەش پێچەوانەى ماناى کارکردنە لاى گیانلەبەران. بگرە لاى گیانلەبەران کارکردن شتێکە هیچ مانایەکى نیە, چونکە مانا خۆى چەمکێکى مرۆییە. بەم پێیە, تیۆریش خۆى دەچێتە خانەى کارکردنەوە لاى مرۆڤ, چونکە ئەو نەخشە زەینییەیە وا پێشوەخت باسمانکرد خۆئامادەکردنێکە بۆ کار.
گەر واز لە دیوە ئەبستراکتەکەى کار بێنین و یەکسەر بەشێوەیەکى کۆنکرێتى بچینە ناو دونیاى کوردییەوە, ئەوا دەتوانین بڵێین: لاى ئێمە ھێشتا ماناکانى کار, لە ئاستە سەرەتاییەکانى خۆیاندا دەژین. کار لاى مەش هەر کارى مرۆییە بەڵام مرۆڤبوون خۆى واتایەکى بەرایی و ساکارى هەیە و کارکردن زۆرجار لە کارى فیزیکى و جەستەییدا کورتدەبێتەوە. لەخۆڕاش نیە کارى فیکرى و هونەرى و زەینى و هتد, لاى کەمینەیەک کارن و کەلتورەکە لە هەناوى خۆیدا جێى نەکردووەتەوە. بە مانایەکى تر, کارى داهێنەرانە هێشتا لەناو مێژووى مەدا جێى نەبووەتەوە و هەر کارێک دەسهاتێکى دارایی ڕوونى نەبێت کەمتر بە کار دادەنرێت. دیارە ئەمەش هۆى درێژخایەنى مێژوویی و زەینیی لەپشتەوەیە و بەرەنجامى ڕۆژ و دوو ڕۆژ نیە. تێڕوانین بۆ کار, ئاستى گەشەى کەلتورێک دەردەخات و دەکرێت بەپێى پێناسەى کەلتورەکان بۆ کارکردن, ناواخنى کەلتورەکان هەڵسەنگێنین. مرۆى کورد کە پتر لە سرووشتەوە نزیکە و کەمتر توانا و تاقەتى ئاڵۆزبوونەوە و ئەبستراکتێتی هەیە, بۆیە ئەمەش وایکردووە پێناسە و دیدمان بۆ کار زۆر فیزیکى و بێ‌نێوانگر(immediate) بێت. چەمکى بێ‌نێوانگر, چەمکێکى هەرەگرنگە بۆ پیاچوونەوە بەسەر زۆر شتماندا و بەتایبەتییش پرسى کارکردن. بێ‌نێوانگر, واتە ڕاستەوخۆ و بەشێوەیەکى سادە و سرووشتى بەر دونیاى دەرەوەت بکەویت و هیچ نێوانگر و ناوەند(وسیط)ێکى ئاڵۆز لەنێوان خۆت و دونیادا دانەنێیت. دیدى ئێمەش بۆ دونیا, دیدێکە بێ‌نێوانگرە, هەڵقەیەکى تیۆرى و هزریی تیا غایبە, سرووشتییە و بەرگەى زۆر پێچەڵپێچى و پرد ناگرێت. کارى هزرى و هونەرى کە کارێکە و جیهان بەهۆى "نێوانگر"ـەوە وەردەگرێت, لاى ئێمە سەنگێکى گەورەى نیە. لەخۆڕا نیە کە کارى نافیزیکى ئەنجامدەدەیت, ئیدى بەر تۆمەتى "بێ‌ئیش" و "تەوەزەل" و "دەسبەتاڵ" دەکەویت. میدیۆم و نێوانگرى ڕاستەقینە لە عەقڵیەتى کوردىدا, میدیۆمێکى دیار و ڕەق و زەقە, دەبێت میدیۆمەکە دیار بێت و بەرەنجامەکەشى دیسان دیار بێت. ئەمەش خۆى جۆرێکە لە نەبوونى نێوانگر. کارێکى زەینى کە میدیۆم و نێوانگرى هەیە و چەمکاندن و ئایدیا و بیرۆکەکان ڕۆڵى تیا دەگێڕن, ئاسان قبوڵناکرێت و بگرە هەرسیش ناکرێت. بۆیە هەتا گەر کارێکى هونەرییش نەفرۆشرێت, لە نەستماندا بەهایەکى ئەوتۆى نیە. هەر لێرەشەوە کەس نرخێکى ئەوتۆ بۆ کار و ماندووبوونى نوسەر دانانێت و نوسین بە کارێکى جێکەوتووى کەلتورى هەژمارناکرێت.
من نە پسپۆڕییم لە هونەردا هەیە و نە شوێنکەوتەیەکى جدیی ئەو بوارەشم, بەڵام پێموایە ئەوەى پەیوەندیی بە کارى هونەرییەوە هەیە لەم دۆخە جیاناکرێتەوە. ناتوانین هونەر بە هەموو لقەکانیەوە جیاکەینەوە و وەک کایەیەکى دابڕاو وەریگرین. چەمکى کار لە مێژووى ئێمەدا, کاریگەریی لەسەر کاریش هەبووە لە پانتایی هونەردا. کار بەدرێژایی وەخت لاى ئێمە بەستراوەتەوە بە "ژینى لادێ"وە و پتر لە ئارەقڕشتن و ڕەنجى ڕۆژانەوە هەبووە, بەڵام کار لە مێژوویەکى وەک مێژووى خۆرئاوادا هەردەم جیانەبووە لە فیکر و فەلسەفە و سەرەنجامیش کەشێکى ئازاد. گەر کارى هونەرى وەربگرین ئەوا تێدەگەین هەر لە یۆنانى کۆنەوە کار لەم دوو تایبەتمەندییە سودمەندبووە: هەم گرێدراوە بە بیرکردنەوە و کار بەپێى قۆناغەکان ئاڵۆزیی بەخۆوە بینیوە, هەم کارى هونەرىیش لە کەشێکى کەم تا زۆر ئازاددا ڕەخساوە و کە تاک(فەرد) توانیویەتى مەودا لە کۆ و کۆمەڵگا وەرگرێت. ئەو تەنیاییەى لە مێژووى خۆرئاوادا هەبووە, لاى ئێمە غایب بووە و ڕەنگە تەنیا دێوانەکان توانیبێتیان تەنیا بن. پەیوەندیی ئێمە, وەک وتمان, پتر لە سرووشتەوە نزیک بووە و ئەوپەڕى ئاڵۆزییە زەینییەکەمان لە هەندێ کارى دەستکردى سەرەتایی تێنەپەڕیوە. هەتا هەڵبەستنى مێو و باخاتیش, بەو چەشنەى لە هەورامان هەیە و گوایە «وەستاییەکى ئاڵۆزى تیا بەکارهاتووە», کارێکە لە سرووشتەوە نزیکە و هەر سرووشت خۆى کراوەتە میدیۆمى خۆى. کار لە خۆرئاوا, بەتایبەت کارى هونەرى, لەسایەى فەلسەفە و گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاڵۆزیی بەخۆوە بینیوە و جۆرێک لە نێوانگرى و دەستێوەردانى زەینى ڕۆڵى تیا بینیوە. ناڵێم کارى ئێرە لە هەر ڕەهەندێکى زەینى بەتاڵبووە, بەڵکو باسەکە وەرگرتنى کۆى ڕابردوویەکە کە نەیتوانیوە گەشەى زەینیی خۆى ببڕێت و هونەرى تایبەت بە خۆى درووستبکات. ئەو دوو سێ دەیەى کۆتاییش کە هونەرمەندى کورد بەجۆرێک ئاوێتەى هونەرى جیهانى دەبێت, ئەوا بەر تێکەولێکەیەک لە قوتابخانە و ڕیبازە هونەرییەکان دەکەوێت و ڕیزبەندییەکە پەیوەندیی بە مێژووى ئێمەوە نیە. ئەم نەبوونى ڕیزبەندییە بۆ زۆر کایەى تریش ڕاستە و بکەرى هونەرى و فیکریی کورد تووشى نامۆیی دەکات, نازانێت کامە ڕێچکە زەروورە و کامەش زەروور نیە. ئەوەى دەمێنێتەوە خولیا و سەلیقەى شەخسییە کە تووشى نائومێدیی دەکات.
ئەمڕۆش کە ستایشى "کار" دەکەین, چەندە لەسەر هەقین؟ ئاخۆ دەمانەوێت ستایشى چ جۆرە دۆخێک بکەین؟ ئەمڕۆ, گەر بێت و سیاقى ناوخۆیی خۆمان بۆ ساتێک هەڵپەسێرین, ئەوا مرۆڤایەتى تێکرا لە جووڵەدایە. کار بێشومار ڕەهەند وناوى ترى وەرگرتووە. کۆى هەسارەکە دەگرێت و دەجووڵێت, هەمووشت دەوترێت و دەکرێت و زمان تا ئاستى شەکەتى و بێواتایی دەبرێت. لێرەشەوەیە فەیلەسوفانى چەشنى ئاگامبێن ستایشى جۆرێک لە وەستان و نەکردن دەکەن, ستایشى دەستگرتن بەو توانستانەوە کە دەتوانین ئاسان هەڕاجیان نەکەین. پێدەچێت بۆ هونەرمەندیش هەروا بێت.

artist pic


وەلید عومەر نووسەر و وەرگێڕە، نیشتەجێێ شاری سلێمانیە،ئەو زۆرترین کارەکانى لە بواری فیکر و فەلسەفە ودەرونناسیدایە. بایەخێکی زۆر بە کاری وەرگێڕانش دەدات. بە گشتی کارەکانی ووردو چڕ وجێگەی بایەخی زۆرێک لە خوێنەرانە. هەروەها وەلید لە سایتی نەگەتیڤ زۆر چالاکانە کاردەکات و لە زۆرێک لە ثێگە ئەلکترۆنیەکان نوسین بڵاو دەکاتەوە، لەهەمان کاتدا چەندین کتێبی لە واری دەرونناسی و فکر و فەلسەفەدا بە چاپ گەیاندووە